"تێژەنگ" گۆڤارێکی کوردیە کە لە "منجنیق" دەردەچێ.
لە ژمارەی یەکەمی "تێژەنگ" دا لاوێن ئەمانی گەڕاوەتەوە بۆ خۆسووتاندنی ژنان، باسی ئەوەی کردوە کە کام ژن و لە کام چین دەس دەبا بۆ خۆسووتاندن و هۆیەکانی داوەتە بەر باس. ڕێژە درۆیینەکانی دەسەڵاتی هێناوەتە گۆڕێ و لە کۆتاییش دا ڕەخنەی لە پیاوسالاریەک گرتوە کە لە سەر "سووک کردنی" ژنی کورد لە لایەن دەسەڵاتەوە کۆمەڵێک پیاوی کورد دێنێتە شەقام، بەڵام لە بەرامبەر ستەمی سەر ژنان لە کوردستان و بنەماڵەکان بێدەنگە.
ڕامیار حسێنی، لە شی کردنەوەی کلتوور و ئەدەبیاتی کوردی بەوە گەیشتوە کە نەخۆشیەک لە کۆمەڵگای ئێمە دا هەیە و ئەویش MSی کلتووریە. ڕامیار بڵاو بوونەوەی ئەو هەزاران هەزار شێعر و چیرۆکە بازاری پەسەندەی دەیبینین بە نیشانەیەکی ئەو نەخۆشیە دەزانێ.
هەروەها ڕامیار چیرۆکێکی هەیە بە ناوی "پاییز لە خەونی گەڵا تێ ناگا" و لە تەنیا بوونی کەسێکە کە لە ژوورێک دا ماوەتەوە و نەیتوانیوە لە ڕابردووی دەرباز بێت.
ئەردەڵان باستانی لە بابەتێک دا بە نێوی "نانی خشت" چۆتە کورەخانەکان و چاوی خشاندوە بە سەر ژیان و کار و حاوانەوەی ئەو کرێکارانە. سەرەتا باسێکی کورتی لە کرێکارانی کورد بە گشتی و لە دواتر باسی ئەوانەی ناچارن بە چوون بۆ کورەخانە کردوە. ئەردەڵان باسی ژنان و منداڵان لە کورە دەکا و دەمانباتە مەیدانەکانی خشت لێدان.

 

لێرە دەتوانن دایبەزێنن

tizhang1