"تیژەنگ"ی دوو هەرچەند لە بەهار دا هاتە بەر دەست، بەڵام کۆرپەی بەفرانبارە. بەفرانباری ڕابردوو، بەفرانباری هەستان و خرۆشانی ئەوانەی دەمێک ساڵە پێشێل کراوی ئەو دۆخەن و لە پەراوێزدا قەتیس کرابوون و دەیان و سەدان دەزگای ڕاگەیاندن و رۆژنامەوان و "رۆشەنبیر" ئەوانیان توانا بە بەڕێوەبەری خۆیان نەدەزانی، نەک هەر توانا بەڵکو تەنانەت لە ئاستی "فام"یشدا بەدیان نەدەکردن.
تیژەنگی دوو دەگەڕێتەوە بۆ بەفرانبار و هەر لە بەفرانباریش دا دەمێنێتەوە و مژدە دەدا کە بەهارێک بوونی نیە مەگەر ئەوەی کە لە وەها بەفرانبارێک دا هەیمەنەی سەهۆڵبەندان شکابێت و ئەوکات بەهار بەهاری هەموومانە!
لە "تیژەنگ"ی دوو دا ئەردەڵان باستانی گەڕاوەتەوە بۆ بانە، بانەی گەشتیار و پاساژ نا بەڵکوو بانەی کۆڵبەران و دەسفرۆشان و بانەی ڕاپەڕیو لە ستەم!
ڕامیار حوسەینی و لاوێن ئەمانی چاویان خشاندوە بە سەر شاڕلاتانەکانی شار دا، ئەوانەی لە دوای دووی جۆزەردانە درۆیینەکە ڕوویان لە کوردستان کرد و دەستیان کرد بە غوسڵ دانی پیاوکوژانی دوێنێ و بەرگی "ئەولیا"یان لە بەر کردن.
هیوا سەلیمی باسی شەپۆلەکانی ئێعتراز دەکا لە بەفرانبار دا و گەڕاوەتەوە بۆ لای ئەوانەی لە بەفرانبار دا هاتن و کەلەبەریان لە نێوان دوێنێ و ئەوڕۆ ساز کرد و نیشانیان داین ئاسۆیەکی نوێ هەیە.